عه‌ره‌به سوننه‌كان: داواكارین خورماتوو بخرێته سه‌ر كه‌ركووك
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 25/10/2016، شێخ سائیر به‌یاتی، نوێنه‌رى سه‌رۆك هۆزه عه‌ره‌به‌كانى شاری خورماتوو، ڕاى گه‌یاند: "ئێمه وه‌كو هۆزه عه‌ره‌به‌كانى خورماتوو، داواكارین شارۆچكه‌كه‌مان له ڕووى كارگێڕییه‌وه بۆ سه‌ر كه‌ركووك بگه‌ڕێته‌وه".
نوێنه‌رى سه‌رۆك هۆزه عه‌ره‌به‌كانى خورماتوو، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "له ساڵی 1976 به مه‌رسومى كۆمارى، شاری خورماتوو له پارێزگاى كه‌ركووك دابڕێنرا و خرایه سه‌ر پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین، ئێستاش داوا ده‌كه‌ین خورماتوو له ڕووی كارگێڕییه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر پارێزگاكه‌ى پێشووى".
گوتیشی: "ئه‌گه‌ر ئێستا شاره‌كه له چوارچێوه‌ى پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین بمێنێته‌وه، ئه‌وا میلیشیا شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت دیموگرافیای شاره‌كه بگۆڕن و بیكه‌ن به ناوچه‌یه‌كى شیعه‌نشین، عه‌ره‌ب و كورد و توركمانى سوننه‌ى ناوچه‌كه ناچار به كۆچكردن بكه‌ن، ئه‌وكاته‌ش پیلانه‌كه‌یان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خورماتوو له ڕووى كارگێڕییه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر كه‌ركووك، له‌و پیلانه‌یان سه‌ركه‌وتوو نابن".
باس‌نیوز
