وەزیری دەرەوەی تورکیا: هێرشی زەمینی دەکەینە سەر مووسڵ

 وەزیری دەرەوەی تورکیا: هێرشی زەمینی دەکەینە سەر مووسڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر مووسڵ لە حکوومەتی عێراق دەکات.

رۆژی سێشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2016، مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە میانی چاوپێکەوتنێک لە کەناڵێکی وڵاتەکەی، رایگەیاندووە، سوپای تورکیا هەموو تواناکانی دەخاتە گەڕ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی.

مەولود چاویشئۆغڵو ئاماژەی بەوە کردووە، کە یەکێک لە ئەگەرەکان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و هێرشی زەمینییە بۆ سەر مووسڵ، لە کاتی هێرشکردنە سەر هێزەکەی تورکیا لە باشیک.

پێشتر میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی شیعەمەزهەب، کە بە فەرمانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و بە رێنمایی مەرجەعە باڵاکانی شیعە دەجوڵێنەوە، هەڕەشەیان لە تورکیا کردبوو، بەوەی سەربازەکانیان هەموو بە کوژراوی دەنێرنەوە.

هێزێکی سوپای تورکیا، کە ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی هێزی حەشدی نیشتیمانی رایگەیاندووە، بەمەبەستی مەشقکردن بە چەکدارانی هێزەکەی بۆ شەڕکردن لە دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە ناوچەی باشیک لە سنووری پارێزگای نەینەوا و بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و تورکیا جێگیرکراوە و بووتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.











باسنيوز
Top