نیشانەکانی کۆتایی هاتنی داعش لە مووسڵ دەرکەوتن

 نیشانەکانی کۆتایی هاتنی داعش لە مووسڵ دەرکەوتن
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ژمارەیەک خاڵ وەک نیشانەی شکست و کۆتایی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە مووسڵ، باس دەکات.



بەشار کیکی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە بە دڵنیاییەوە چەکدارانی داعش لە مووسڵ لەسەر دەستی ”هێزی پێشمەرگەی پاڵەوان“ و هێزە عێراقییەکان دەردەکرێن.



بەشار کیکی پێیوایە 10 نیشانەی کۆتایی هاتنی داعش لە مووسڵ و شکستی رێکخراوەکە لە عێراق دەرکەوتوون.



نیشانەکانی کۆتایی هاتنی داعش لە مووسڵ:



- تەقاندنەوەی باڵەخانە حکوومییەکان و پردەکانی مووسڵ.

- لەسێدارەدانی لایەنگر و چەکدارانی داعش لەلایەن رێکخراوەکەوە، بەهۆی هەڵاتنیان لە بەرەکانهی شەڕ.



- دەستگیرکردنی گەنجانی مووسڵ بە چەندین هۆکار و تۆمەتی جیاواز.

- کەمکردنەوەی جووڵەی هاووڵاتییان و ناچارکردنیان بە کردنەوەی بازاڕەکان لە چەند ناوچەیەک.



- پێنەدانی مووچەی مانگانە بە چەکدارەکانی لە چوار مانگی رابردوو.

- بانگکردنی گەنجانی مووسڵ لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە بۆ چوونە ریزی رێکخراوەکە و بەرەکانی شەڕ.



- ناردنی خۆکوژەکان بۆ بەرەکانی شەڕ، بە ئامانجی راگرتنی پێشڕەویی بەردەوامی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان.

- بەکارهێنانی هاووڵاتییانی سڤیل وەک قەڵغانی مرۆیی.



- دەرکردنی هاووڵاتییان لە گوندەکانی خۆیان.

- وەرگرتنەوەی چەک لە چەکدارانیان لەو کاتەی دەچنەوە ماڵەوە، لە ترسی راپەڕین لە دژی رێکخراوەکە.



رۆژی یەکشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستاندەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی لە باکووری نەینەوا لە چوارچێوەی ئۆۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان، راگەیاند.



پێشتر کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی پێشمەرگەی رایگەیاند، کە تێیدا پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە سێ قۆڵەوە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەست پێکرد.



زووتریش لە رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.



هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی پێشمەرگە، هیزە عێراقییەکان لە نزیک باشیک و لە باشووری مووسڵ دەستین بە هێرش بۆ سەر بارەگاکانی داعش کردووە و چەند گوندێکیان رزگار کردووەتەوە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.




باسنيوز
Top