حەشدی شەعبی لە دەرەوەی دەسەڵاتی عەبادی ڕەوانەی سوریا دەکرێن
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری (ئەلعەرەبی ئەلجەدید)، سەرچاوەیەکی نزیک لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی ڕایگەیاندووە کە دوای گەڕانەوەی سەرۆک وەزیران لە نیۆیۆرک و بەشداریکردنی لە کارەکانی دەستەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناڕازیبوونی خۆی دەربڕیوە لەبارەی بەشداریپێکردنی یەکەکانی حەشدی شەعبی لەپاڵ سەربازانی ڕژێمی سوریا بە مەبەستی بەرگریکردن لە حکومەتی بەشار ئەسەد، بەڵام ئەم داوایەی لەلایەن سەرکردەکانی حەشدی شەعبی شیعەوە بەتوندی ڕەت کراوەتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە چەکدارانی حەشدی شەعبی بەبێ بەرامبەر لە هەردوو فڕۆکەخانەی نەجەف و بەغداوە ڕەوانەی دیمەشق دەکرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرێت.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی عێراق، فڕۆکەخانەکانی عێراق لەلایەن ڕێکخراوی بەدرەوە کۆنتڕۆڵ کراون و هەموو کارئاسانییەک بۆ گواستنەوەی ئەو چەکدارانە بۆ سوریا دەکەن.
