ئه‌نقه‌ره: شه‌ڕی مووسڵ ده‌بێته جه‌نگێكی جیهانی
پێشتر ئه‌نقه‌ره به توندی دژایه‌تی خۆی راگه‌یاند بۆ به‌شداریكردنی حه‌شدی شه‌عبی، كه هێزێكی شیعه‌یه، له پرۆسه‌ی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ، پاساوی ئه‌نقه‌ره‌ش بۆ دژایه‌تیكردنه‌كه‌ی، ترس بوو له هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ و پێكدادانی تایه‌فی له شاره‌كه، كه زۆرینه‌ی سووننه‌یه.
قورتولموش، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی، كه ئاژانسی ئه‌نادۆڵو بڵاویكردووه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: "هه‌وڵدان بۆ به‌لاڕێدابردنی پرۆسه‌ی ئازادكردنی مووسڵ، له ده‌ستی تیرۆریستانی داعش، بۆ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕێكی نوێ، كه به‌ده‌ستی سێیه‌م هه‌وڵی بۆ ده‌درێت، كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه و ره‌نگه ببێته هۆی جه‌نگی جیهانیی سێیه‌م".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا راسته‌وخۆ به داهاتووی مووسڵه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و كاریگه‌ری راسته‌وخۆشی له‌سه‌ر داهاتووی حه‌له‌ب و دیمه‌شقیش ده‌بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: "هاووڵاتییانی وڵاتانی دراوسێ، دۆست و برا و نزیكی ئێمه‌ن، هیچ كه‌سێك بۆی نییه رێگه له توركیا بگرێت كه گرنگی به رووداوه‌كانی وڵاتانی دراوسێی نه‌دات".
قورتولموش، له لێدوانه‌كه‌یدا، به‌هۆی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی حكوومه‌تی عێراق، له بوونی سوپای توركیا له سه‌ربازگه‌ی به‌عشیقه‌ی باكووری عێراق، جارێكی دیكه هێرشی كرده‌وه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا و گوتی: "سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ده‌یه‌وێت ره‌خنه له توركیا بگرێت، به‌ڵام ده‌بێت سه‌ره‌تا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بده‌نه‌وه كه بۆچی مووسڵ، دووه‌م گه‌وره‌ترین شار به‌بێ هیچ ته‌قه‌یه‌ك راده‌ستی تیرۆریستان كرا، بۆچی له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوو هه‌ماهه‌نگی بۆ رزگاركردنه‌وه‌ی شاره‌كه نه‌كرا، بۆچی ئه‌مه‌ریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی رێكخراوی داعشییان به جددی وه‌رنه‌گرتوه؟".
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، پێشتریش رایگه‌یاندبوو، خه‌ریكه شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆ كۆتایی بێت و ئه‌مه‌ریكا و رووسیا، هێنده‌ی نه‌ماوه رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه.
K24-
