مووسڵ.. گرووپێکی چەکدار سێ چەکداری داعش دەڕفێنن

 مووسڵ.. گرووپێکی چەکدار سێ چەکداری داعش دەڕفێنن
گرووپێکی چەکداری خەڵکی مووسڵ سێ چەکداری رێکخراوی توندڕەوی داعش لە مووسڵ دەڕفێنن و رێکخراوکەش هەڵمەتێکی بۆ دۆزینەوەیان دەست پێکردووە.

گرووپەکە خۆیان وەک گرووپی بەرگریی لە خەڵکی مووسڵ بە ناوی (کەتیبەی ئازادیخوازانی مووسڵ) ناساندووە، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، سێ چەکدارەکەیان لە ناو مووسڵ رفاندووە.

بەپێی زانیارییەکان، داعش هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی چڕی بۆ دۆزینەوەی ئەو سێ چەکدارەی خۆی دەست پێکردووە.

دوای ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ، چەکدارانی داعش لە مانەوەیان لە مووسڵ بێ هیوا بوون و چەکدارانی داعشی خەڵکی مووسڵیش لە رێکخراوەکە جیابوونەتەوە.

کاتژمێر 6ـی سەرلەبەیانیی رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی پێشمەرگەی رایگەیاند، کە تێیدا پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کوردستان لە سێ قۆڵەوە لە باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ، لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان دەست پێکرد.

پێشتریش لە رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.












باسنيوز
Top