سەرۆکی ئیئتیلافی برایەتی و پێکەوەژیان: بەناو دەوڵەتەکەی داعش هەڵدەوەشێتەوە

 سەرۆکی ئیئتیلافی برایەتی و پێکەوەژیان: بەناو دەوڵەتەکەی داعش هەڵدەوەشێتەوە
سەرۆکی ئیئتیلافی برایەتی و پێکەوەژیان لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا ڕای گەیاند، بە ئازادکردنی مووسڵ، ئەو ناوچەیەی کە داعش داگیری کردووە و ناوی ناوە (دەوڵەتی خەلافەت)، هەڵدەوەشێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 20\10\2016، سەیدو چەتۆ، ڕایگەیاند: ”تاوەکوو دێ، داعش ناوچەی زۆرتر لەدەست دەدات و دوای ئەوەی شاری مووسڵ کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە، ئەو بەناوی (دەوڵەتی خەلافەت)ە هەڵدەوەشێتەوە کە ڕێکخراوی توندڕەوی داعش داگیری کردووە“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە پێی وایە دوای ڕزگارکردنەوەی مووسڵ، ڕاپرسییەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی پێکهاتەکانی مووسڵ دەکرێت و کێشەی دابەشکردنی پارێزگاکە چارەسەر دەکرێت. دەشڵێت: ”ڕەنگە هەندێک ناوچە لە مووسڵ جیاببنەوە و ببنە پارێزگای سەربەخۆ“.

دووپاتیشی کردەوە، پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکە بەرەو سەنتەری شاری مووسڵ، ترسێکی زۆر گەورەی لە لای تیرۆریستانی داعش لەناو مووسڵ دروست کردووە.










باسنيوز
Top