فەرمانی دەستگیرکردن بۆ فەرماندەیەکی باڵای هێزە عێراقییەکان دەردەچێت
رۆژی پێنجشەممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2016، عەبدولڕەحمان لویزی، پەرلەمانتاری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا و فەرماندەی میلیشیای پاسەوانی نەینەوا بە تۆمەتی ئەنجامدانی ”تاوانی پەیوەندیدار بە ئاسایشی دەرەکیی دەوڵەت“ دەستگیر دەکرێت.
عەبدولڕەحمان لویزی هەروەها رایگەیاندووە، کە دادگای عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بەهۆی هاوکاریکردنی ”هێزی داگیرکەری تورکیا“ بۆ ئەسیل نوجەیفی دەرکردووە.
میلیشیای پاسەوانی نەینەوا، کە پێشتر ناوەکەی حەشدی نیشتیمانی بوو، لە نزیکەی شەش هەزار چەکداری سوننەمەزهەبی مووسڵ پێکهاتووە و لەلایەن سوپای تورکیا مەشقیان پێکراوە.
پێشتر پەرلەمان و حکوومەتی عێراق هێزی سوپای تورکیایان لە ناوچەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا، بە داگیرکاریی ناوبرد و داوای کشانەوەیان لە هێزەکە کرد.
هێزێکی سوپای تورکیا، کە ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی رایگەیاندووە، بەمەبەستی مەشقکردن بە چەکدارانی میلیشیاکەی بۆ شەڕکردن لە دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە ناوچەی باشیک لە سنووری پارێزگای نەینەوا و بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و تورکیا جێگیرکراوە و بووتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
باسنيوز
