سوپای عێراق: خێرایی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ ناکەین

 سوپای عێراق: خێرایی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ ناکەین
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق رایدەگەیەنێت، کە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ بە خێرایی ئەنجام نادەن.

عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە ئۆپەراسیۆنی ”هاتین ئەی نەینەوا“ بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ بۆ رۆژی سێیەم بەردەوامە و بە پێی پلانە داڕێژراوەکان دەچێتە پێشەوە.

عەمید یەحیا رەسول ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە، کە پێشمەرگە ئەو پلانەی بۆی دانرابوو بۆ رزگارکردنەوەی نۆ گوند، بە سەرکەوتوویی ئەنجامی دا و هێزەکانی فیرقەی نۆی سوپای عێراقیش شارۆچکەی حەمدانییەیان لە رۆژهەڵاتی مووسڵ گەمارۆ داوە.

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەوان پەلەپەل و خێرایی لە جێبەجێکردنی پلانەکان بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ ناکەن، بۆ ”پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە شوێنە گشتییەکان و ژێرخانی سار مووسڵ.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.












باسنيوز
Top