ئەبوبەکر بەغدادی ژنی سەرکردەکانی داعش دەگوازێتەوە

 ئەبوبەکر بەغدادی ژنی سەرکردەکانی داعش دەگوازێتەوە
خەلیفەی رێکخراوی توندڕەوی داعش ژنی سەرکردەکانی رێکخراوەکەی لە مووسڵ دەگوازێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ”ژنانی خەلافەت“، کە بریتین لە ژنی سەرکردەکانی رێکخراوەکە، لە ترسی گیران و کوژرانیان، بە ئاگاداریی و رەزامەندیی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش لە مووسڵەوە براونەتە سووریا.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاندووە، کە ماوەی دوو رۆژە گواستنەوەکە دەستی پێکردووە، کە بە تایبەت جەخت لە گواستنەوەی ژنە بیانی و عەرەبی وڵاتانی دیکەی جگە لە عێراق، کراوەتەوە.

سەرکردەکانی داعش بەهۆی ترسیان لە رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراقییەوە و هەروەها بێ هیوابوونیان لە مانەوەی دەسەڵاتیان لە شارەکە، بڕیاری گواستنەوەی ژنەکانی خۆیان بۆ سووریا داوە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لەژێر سەرپەرشتییراستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.











باسنيوز
Top