ئەڵمانیا زیاتر لە دوو هەزار تۆن چەک بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق دەنێرێت

 ئەڵمانیا زیاتر لە دوو هەزار تۆن چەک بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق دەنێرێت
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت، کە زیاتر لە دوو هەزار تۆن چەک و تەقەمەنییان بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراقی ناردووە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە لەم کاتەدا بیر لە ناردنی چەک و تەقەمەنیی زیاتر بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراقی ناکەنەوە.

وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا راگرتنی ناردنی چەک و تەقەمەنیی زیاتری بۆ ئەوە گەراندووەتەوە، کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە و وەک ئامادەکاریی بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، 2200 تۆن چەک و تەقەمەنییان بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق ناردووە.

دوای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور، وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا، چیک، بەریتانیا، ئەمریکا، هەنگاریا و چەند وڵاتێکی دیکە بە مەشقکردن بە پێشمەرگە و ناردنی کەلوپەلی سەربازی، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکەن.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.











باسنيوز
Top