ژمارەیەک چەکداری داعش هاوسەری بەغدادی بە بارمتە دەگرن

 ژمارەیەک چەکداری داعش هاوسەری بەغدادی بە بارمتە دەگرن
ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی توندڕەوی داعش هاوسەری خەلیفەی رێکخراوەکەیان بە بارمتە دەگرن.

بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی نەمانی ورە و شکستیان لەبەرامبەر هێزەکانی پێشمەرگە، چەکدارانی داعش لە شاری مووسڵ رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە و شەڕی چەکداریی رووی داوە، هاوکات ژمارەیەک چەکدار وازهێنانی خۆیان لە رێکخراوەکە راگەیاندووە.

سەرچاوەکانی زانیاری لە شاری مووسڵەوە ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش لە ترسی گرتن و کوشتن، لە شاری مووسڵ نەماوە و رووی کردووەتە سووریا و ئەو چەکدارانەی لە داعشیش جیابوونەتەوە، هاوسەری بەغدادییان بە بارمتە گرتووە.

ئەو چەکدارانە لەبەرامبەر ئازادکردنی ئەو ژنە، داوای پارەیان لە خزم و کەسی ئەبوبەکر بەغدادی کردووە، تاوەکو بە پارەکە خۆیان لە مووسڵ رزگار بکەن و واز لە داعش بهێنن.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ لە سنووری میحوەری خازر راگەیاند و ناوچەیەکی فراوانی رۆژهەڵاتی پارێزگای نینەوا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە رزگار کرایەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانێتیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی داعش داگیر کرا.













باسنيوز
Top