سەرکردەیەکی داعش لە باشووری مووسڵ کوژرا
راگەیاندنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، کە لە رووبەڕوو بوونەوەی چەکدارانی میلیشیاکە و داعش لە ناوچەی حود لە باشووری مووسڵ، ئەحمەد خەتاب عومەر، بەرپرسی ئەمنیی داعش لە باشووری شارەکە، کوژرا.
رۆژی دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەمی 2016، هێزە عێراقییەکان و میلیشیا شیعەکان لە باشووری مووسڵ دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ کرد.
هاوکات هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری خازر و گوێڕ هێرشیان برردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش و توانییان ناوچەیەکی فراوان رزگار بکەنەوە.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار و چەند ناوچەیەکی باشووری کەرکووک لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کرا.
