ئەمیری كوەیت پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە

ئەمیری كوەیت پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە
شێخ سەباح ئەحمەد سەباح ئەمیری كوەیت ئەمڕۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی هەڵوەشاندەوە ئەوەش دوای ئاڵۆزییەكان دێت لەنێوان حكومەت‌و پەرلەمانی ئەو وڵاتە.

بەپێی ئاژانسی فەرمی كوەیت(كونا) شێخ سەباح ئەمڕۆ مەرسومێكی ئەمیریی دەركردوەو تێیدا رایگەیاندوە"بەهۆی بارودۆخە هەرێمایەتییەكان‌و ئەو گۆڕانكارییانەی ڕوودەدەن‌و كاریگەریی‌و ئاستەنگییە ئەمنییەكان، دەبێت بەپێی پێویست‌و ئاستی مەترسیدار رووبەڕووی ببینەوەو لەو رووەشەوە بگەڕێینەوە بۆ گەل كە سەرچاوەی دەسەڵاتە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەكانی".

ئەوەش تەنها دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر دێت لەوەی مەرزوق غانم سەرۆكی پەرلەمانی كوەیت داوای هەڵبژاردنێكی پێشوەختی كرد بەهۆی ئەو ئاستەنگە ئابوریی‌و ئەمنییانەی رووبەرووی وڵاتەكە دەبێتەوە.

لەماوەی رابردوودا لەلایەن چەند ئەندام پەرلەمانێكی كوەیتەوە داوای لێپرسینەوە لەچەند وەزیرێكی حكومەت كرا بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی بەنزین‌و كێشە داراییەكان، ئەوەش گرژییەكانی نێوان حكومەت‌و پەرلەمانی زیاتر كرد.

لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، حكومەتیش دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش دەكات‌و تا هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و دیارییكردنی حكومەتێكی نوێ وەك حكومەتێكی كاربەڕێكەر دەمێنێتەوە.

تا ئێستا هیچ رۆژێك وەك وادەی هەڵبژاردنی نوێ دیاری نەكراوە، بەڵام بەپێی دەستووری كوەیت پێویستە لەماوەی دوو مانگدا هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.
KURDSTAN -
Top