ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە کاژێری سفردایە
هێزی پێشمەرگە لە هەموو بەرەکانی جەنگدا خۆیان مەحکەمکردوە، سوپای عێراق لەو شوێنانەی بۆیان دیاریکراوە بەرەو رووی داعش و موسڵ وەستاون. سەتان تانک، زرێپۆش و تۆپی دوورهاوێژ بە ئاراستەی دەشتی نەینەوا و موسڵ دامەزراێنراوون.
هاوپەیمانان بە تەکنەلۆژیای تازەی شەڕ و فڕۆکەی ئێف16، ئێف22 و بی52 هەموو پێگەکانی داعش دەکەنە ئامانجی بۆمباران، لە شەڕی نیو شارەکەدا هێلیکۆپتەری ئاپاچی بەکاردێ بۆ نیشانەگرتنی چەکدارانی داعش لە نیو ماڵ و هەر گۆشە و پەنایەکدا.
پێشمەرگە ئامادەکاری تەواویکردووە بۆ هەموو ئەگەرەکانی شەڕ، لەنزیکترین میحوەرەکانی شەڕ تیمی پزیشکی بە هەموو پێداویستییەکانەوە ئامادەن، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەدەن، بۆ هەموو بەرەیەکی شەڕ تیمی پزیشکییان دابینکردووە کە تیمەکە دەتوانێت چارەسەری خێرای برینداران بکەن، چەندین تیمی پزیشکی بیانیش بەشدارن هاوئاهەنگی تیمەکانی وەزارەتی پێشەرگەن
ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی ئاوارەکان و رزگارکردنیان لە نێو شەڕ کراوە، چەند کەمپ لە ناوچە نزیکەکان ئامادەکراون، بە گوێرەی پێشبینییەکان نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە موسڵەوە ئاوارە دەبن، کە زیاتر لە 500 هەزار بەرەو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەڵدێن.
کاژێری سفر بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ دانراوە، سەرجەم ئامادەکارییەکانی هێزە بەشدارەکانی موسڵ کۆتاییهاتووە.
RUDAW -
