سوپای توركیا به‌شداری شه‌ڕی موسڵ ده‌كات
نوجێفی سه‌رپه‌شتیاری ئه‌و هێزه سوننی مه‌زهه‌به‌ی ناوچه‌كانی نه‌ینه‌وایه كه پێشتر ناویان"حه‌شدی نیشتیمانی" بوو له‌م رۆژانه‌دا ناوه‌كه‌شیان گۆڕاوه بۆ "پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا" و سه‌ربازگه‌كانیان ده‌كه‌وێته ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری موسڵ به تایبه‌ت ناوچه‌ی "باشیك" كه هه‌مان ناوچه‌یه سه‌ربازگه‌ی هێزه‌كانی سوپای توركیای لێیه و له‌وێوه مه‌شق و راهێنانیان به‌و هێزه سوننی مه‌زهه‌بانه‌ی نه‌ینه‌وا كردووه.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا گوتوویه‌تی له‌وكاته‌ی هێزه‌كانی"په‌كه‌كه" و "حه‌شدی شه‌عبی" و ئه‌و هێزانه به‌شداری بكه‌ن كه له ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن،ئه‌وه هێزه‌كانی توركیاش به‌شداری شه‌ڕه‌كه ده‌كه‌ن.
نوجێفی نیگه‌رانی خۆی له‌و قسانه‌ی سه‌رۆككۆماری توركیا"ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان" ده‌ربڕیووه كه به عه‌بادیی گوتوون،به‌ڵام ده‌ڵێت له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقدانییه له‌م كاته‌دا گرژی دروست بكات له‌گه‌ڵ توركیا،چونكه ئێستا له سه‌ر و به‌ندی شه‌ڕێكی گه‌وره و چاره‌نوسساز و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ین له‌گه‌ڵ داعش،چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌و جۆره كێشانه له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ ده‌كرێت نه‌كه به ژاوهژاووی میدیایی.
K24
