عەبادی لەگەڵ سەركردە و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی شەڕی موسڵ تاوتوێ‌ دەكات

عەبادی لەگەڵ سەركردە و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی شەڕی موسڵ تاوتوێ‌ دەكات

حەیدەر عەبادی لەگەڵ سەركردە و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی شەڕی موسڵی تاوتوێكرد.

رۆژی شەممە 15-10-2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشوازی لە سەركردە و فەرماندە باڵاكانی حەشدی شەعبی كرد و بەپێی راگەیێندراوی كۆبوونەوەكە، شەڕی حەویجە و موسڵ لە كۆبوونەوەكەدا باسكراون.

بەهمەن حەسەن، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا دەڵێت، بەپێی نوێترین زانیارییەکان، ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکان رایانگەیاندووە، هەموو ئامادەکارییەکان کۆتاییان پێهاتووە، چاوەڕوانی کاژێر سفر دەکەن، کە لەلایەن حەیدەر عەبادی وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایبگەیێنرێت.

پەیامنێری رووداو دەشڵێت "ئەو هێزانەی لە ئۆپەراسیۆنەکە بەشدار دەبن، حەشدی شەعبی بە زیاتر لە 8 هەزار چەکدار لە کەتیبە جۆراوجۆرەکان بەشدارە، لەنێو کەتیبەکانیشدا 150 فەرماندەی راوێژکاری ئێرانی هەن".

پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەشڵێت، نزیکەی 20 هەزار لە هێزە چەکدارە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ گەیشتوونەتە میحوەرەکانی موسڵ، رۆژانەش چەکی قورس دەبردرێتە ئەو میحوەرانە، رەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا، کەمتر لە چەند رۆژێک بڕیاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە بدرێت.
Rudaw-
Top