فەرماندەی گشتیی دژە تیرۆری عێراق بۆ رووداو: ئامادەین بۆ کا‌ژێر سفر

فەرماندەی گشتیی دژە تیرۆری عێراق بۆ رووداو: ئامادەین بۆ کا‌ژێر سفر


هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان بەردەوامن لە جوڵەیان بە ئاراستەی شاری موسڵ، كە ماوەی نزیكەی سێ‌ ساڵە لە دەستی داعشدایە.

تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکەم کەناڵی میدیایی ئامادەکارییەکانی هێزە بەشداربووەكانی شەڕی موسڵ نیشاندەدات.

هێزێكی فیرقەی ئاڵتوونی، كە وەک خۆیان دەڵێن یەکەم هێز دەبن بچنە نێو موسڵەوە، نزیکەی سێ‌ هەزار سەربازن و رایدەگەیێنن، ئامادەن لەگەڵ پێشمەرگە داعش لە موسڵ تێكبشكێنن.

فەریق روکن عەبدولغەنی ئەسەدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بۆ رووداو دەڵێت "بەشێکی گەورەی کەرتەکانی سوپا لە هەموو میحوەرەکانەوە ئامادەن بۆ شەڕەكە، ئەوەی ماوە بەشێک زۆر کەمە. پشت بەخوا ئەمڕۆ تاوەكو شەو یاخو سبەی هەموو شتێک تەواو دەبێت و ئامادەین بۆ کا‌ژێری سفر".

ئاماژەیەکی دیکە بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەر موسڵ، نزیکبوونەوەی زیاتری هێزە عێرەقییەکانه لە شارەكە. شەڕەكە سەخت دەبێت، بەڵام ژمارەیەك لە هێزە عێراقییەكان بە دووری کەمتر لە 15 كیلۆمەتر لە موسڵەوە گۆرانی بۆ دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەڵێنەوە، کە جیهان باسی دەکات.

هێزە جیاوازەکانی سوپای عێراق، کە ژمارەیان دەیان هەزار سەرباز دەبێت، لە رێگەی میحوەرەکانی ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەوە خۆیان گەیاندووەتە نزیکترین شوێن لە موسڵ.

پێشمەرگەش کە زۆربەی رێگاکانی بەرەو موسڵ لە ژێر کۆنترٶڵیدایە، دەستی بەجوڵەی هێزەکانی کردووە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە موسڵ و ناوچەكانی دەوروبەری.
Rudaw-
Top