حزبی دەعوە کار لەسەر لادانی مالیکی دەکات

 حزبی دەعوە کار لەسەر لادانی مالیکی دەکات
حزبی دەعوەی ئیسلامی (شیعەمەزهەب) کار بۆ لادانی سەرۆکەکەی دەکات و سەرۆک وەزیرانیش بێ دەنگە.



سەرکردەیەکی باڵای حزبی دەعوە بە ماڵپەڕی (عەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، کە ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتیی حزبەکەی لە شاری کەربەلا کۆبوونەتەوە و باسی پێویستیی لەسەر کار لادانی نوری مالیکی‌یان لە سەرۆکایەتیی حزبەکەی کردووە.



ئەو سەرکردەیە پییوایە نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی جەماوەریی حزبەکەیان و بەرزبوونەوەی ئاستی جەماوەریی رکابەرەکانیان، بە تایبەت رەوتی سەدر.



ئەو سەرکردەیەی حزبی دەعوە ئاماژەی بەوە کردووە، مەترسییەکان بۆ داڕمانی حزبەکەیان لەوکاتەدا زیاتر دەبن، کە داوای رەوتی سەدر و ژمارەیەک لایەنی دیکە بۆ گۆڕینی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و یاسای کۆمیسیۆنەکە، کە ”زۆر نزیکن لە حزبی دەعوە“.



بەپێی زانیارییەکان، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە یەکێکە لە سەرکردە باڵاکنی حزبی دەعوە، لە ئاستی پرۆسەی لەسەر کار لادانی مالیکی بێ دەنگە، بەڵام دڵی بە پرۆسەکە خۆشە، چونکە مالیکی یەکێکە لە رکابەرەکانی و بەردەوام ئاستەنگ بۆ حکوومەتەکەی دروست دەکات.



نوری مالیکی، کە هاوکات سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسایە، دژایەتییەکی سەرسەختی پێکهاتەکانی کورد و عەرەبی سوننە لە عێراق دەکات و لە نێو شیعەکانیش، بەردەوام دژایەتیی رەوتی سەدر دەکات.







باسنیوز
Top