لەدوو هەفتەی رابردوودا 50 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر موسڵ ئەنجامدراوە
لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا هێرشەکانیان بۆ سەر شاری موسڵ چڕتر کردوەتەوە.
کۆلۆنێڵ جۆن دۆریان وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لەمیانەی چڕکردنەوەی هێرشەکانی بۆ ناوەوەو دەوروبەری موسڵ، لەدوو هەفتەی پێشوودا 50 هێرشی فڕۆکە لەو شارە ئەنجام دراوە. ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی فۆکس نیوز-ی ئەمەریکی.
ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەوەی موسڵ ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت لەلایەن سوپای عێراقو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی وادەی دەستپێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاشکرا نەکراوە.
لە ئێستادا هێزەکانی سوپای عێراق جوڵەیان پێکراوە لە باشورو رۆژهەڵاتی موسڵ، هەروەها بنکەی ئاسمانی گەیارە وەک بنکەی سەرەکیی ئۆپراسیۆنەکە ماوەتەوە کە هێزەکانی عێڕاقو بژاردەیەک لەهێزی وڵاتە جیاوازەکانی لێیە.
"سەرجەم جوڵە سەربازییە کان لەئێستادا پەیوەندیان بە ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە هەیە" جەنەراڵ فیراس بەشار لەسوپای عێراق لەمەخمور وادەڵێت.
ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵ چاوەڕێ دەکرێت ئاڵۆزترین ئۆپەراسیۆن بێت بۆ سوپای عێراق. هێزە عێراقیو هاوپەیمانەکان دەڵێن نزیکەی 30 هەزار سەرباز پێویستە بۆ گرتنەوەی موسڵ کە زیاتر لە دوو ساڵە لەژێر دەستی داعشدایە.
Xandan-
