هەولێر و بەغدا لەبارەی ئاوارەکانی مووسڵەوە رێککەوتن
رۆژی پێنجشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2016، کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کە لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتون لەسەر دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش.
کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە، کە دوای کۆبوونەوەی کەریم سنجاری و دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچپێکراوانی عێراق بە ئامادەبوونی ئیزە گاندی، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام درا و تێیدا سنجاری رایگەیاند، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی حەواندنەوەی ئاوارەکانی مووسڵ دەکەن.
دەرباز محەمەد ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامادەکاریی و هەماهەنگیی تەواویان لەگەڵ حکوومەتی هەریمی کوردستان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارە چاوەڕوانکراوەکانی مووسڵ و لەسەر ئەرکی حکوومەتی عراق، کەمپەکان ئامادە کراون.
کەریم سنجاری ئاماژەی بەوەش کرد، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ عێراق، کە لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بوون.
چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، سەدان هەزار هاووڵاتیی ئەو شارە ئاوارەی هەرێمی کوردستان و ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە ببن.
بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن, بەهۆی شەڕی تائیفیی و هێرشیرێکخراوی توندڕەوی داعش، زیاتر لە 1.5 ملیۆن هاووڵاتیی پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، روویان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کردووە.
دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.
باسنيوز
