هێزە عێراقییەکان: نابێ پەکەکە خاکی عێراق لە دژی تورکیا بەکاربهێنێت

 هێزە عێراقییەکان: نابێ پەکەکە خاکی عێراق لە دژی تورکیا بەکاربهێنێت
هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان رایدەگەیەنێت، کە نابێ رێگا بدرێ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خاکی عێراق لە دژی تورکیا بەکاربهێنن.

رۆژی پێنجشەممە 13ـی تشرینی یەکەمی 2016، ئەحمەد مەساری، سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، کە داعش مەترسیی لەسەر ئاسایشی عێراق و وڵاتە دراوسێکانی دروست کردووە و پێویستە هەماهەنگیی هەرێمی بۆ لەناوبردنی هەبێت.

ئەحمەد مەساری دژایەتیی خۆی بۆ بوونی هەر هێزێکی بیانی لە عێراق نیشان دوەا و داوای لە حکوومەتی عێراقی کردووە، بە رێگاچارەی دیپلۆماسی کێشەکانی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا چارەسەر بکات و ”واقیعیانە“ مامەڵە لەگەڵ بوونی هیزی تورکیا لە عێراق، مامەڵە بکات.

سەرۆکی کوتلەی هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان، کە نوێنەرایەتیی سوننەمەزهەبەکانی عێراق دەکات، داوا لە حکوومەتی وڵاتەکەی دەکات دڵنیایی بداتە تورکیا بەوەی رێگا بە گەریلاکانی پەکەکە نادات خاکی عێراق بۆ دژایەتیی تورکیا بەکاربهێنێت.

هێزێکی سوپای تورکیا، کە ئەسیل نوجەیفی، فەرماندەی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی رایگەیاندووە، بەمەبەستی مەشقکردن بە چەکدارانی میلیشیاکەی بۆ شەڕکردن لە دژیرێکخراوی توندڕەوی داعش لە ناوچەی باشیک لە سنووری پارێزگای نەینەوا و بەپێی رێککەوتنی حکوومەتی عێراق و تورکیا جێگیرکراوە.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو هێزەی تورکیای بە داگیرکەر ناساند و داوای کشانەوەی کرد، بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، کە هێزەکە ناکشێتەوە و بەشداریی شەڕی رزگار کردنەوەی مووسڵ دەکات.

دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.











باسنيوز
Top