تروانشی: سەركردەكانی داعش لە مووسڵ هەڵاتوون و ڕایان‌كردووە

 تروانشی: سەركردەكانی داعش لە مووسڵ هەڵاتوون و ڕایان‌كردووە
بەرپرسی میحوەری ناوەران دەڵێ، داعشان هەموو شتێك دەكات بۆ ئەوەی مووسڵیان لە کیس نەچێت؛ هەموو هەوڵێکیان خستووەتە گەڕ بەڵام سەركردە باڵاكانی لە مووسڵ هەڵاتوون و، ڕایان‌كردووە چونكە دڵیان كە مووسڵ لەدەست دەدەن، تەنها كەمێكیان جاری لەناو مووسڵ ماونەتەوە.

سەربەست تروانشی بەرپرسی میحوەری ناوەران ڕایگەیاند: "داعش ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو لاوازی دەچێت و زۆر لە جاران لاوازتر بووە و خەڵكی بڕوای پێ نەماوە، ئاخر زۆربەی هەرەزۆری چەكدارەكانی داعش ورەیان ڕووخاوە. بەڵام ئێمە نابێ لێیان خافڵ بین ئەگەر بڵێن داعش نەماوەو حیسابی بۆ نەكەین هەڵەیەكی گەورەیە، بۆیە دەبێ هەر بە توندی بەرەو ڕووی ببیینەوە و بە توندی لێی بدەین تا ڕیشەڵکێش دەبێت."

بەرپرسی میحوەری ناوەران ئاشكراشی كرد: "داعشان هەموو شتێك دەكات بۆ ئەوەی مووسڵ لەدەست نەدات و تەواوی هەوڵەكانی خستووەتە گەڕ. بەڵام سەرگەورەکانی داعش تاکوتەرایەکیان نەبێ، ئەو باقییەکەیان لە مووسڵ هەڵاتوون و ڕایان‌كردووە چونكە دڵیان تریواندوویەتی كە مووسڵ لەدەست دەدەن."

تروانشی ڕوونیشی كردەوە: "داعشان تا هەتایە زات ناکەن توخنی هەرێمی كوردستان بكەونەوە، چونكە هێزی پێشمەرگە زۆر خراپ تێكی شكاندن. ئێستاش هێزی پێشمەرگە بەوپەڕی ورەوە لە ئامادەباشییەکی تەواودان و بە ئەزموونێكی زۆر و چەكی باشەوە بۆ هەر جۆرە ئەگەر و ڕووبەڕوبوونەوە و هێرشێك بۆ سەر تیرۆریستانی داعش و لەناوبردنی هەر مەترسییەك ئامادەنە."












Top