ئەردۆغان بۆ عەبادی: سنوری خۆت بزانەو لەئاستی مندانیت وتەبێژی حكومەتی عیراق بەتوندی وەڵامی سەرۆكی توركیا دەداتەوە
وتەبێژی حكومەتی عیراق بەتوندی وەڵامی لێدوانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەداتەوە كە بە حەیدەر عەبادی وتبوو لەئاستو هاوشانی ئەودا نییەو پێویستە"سنووری خۆی بزانێت" ئەوەش دوایئەوەی عەبادی رەخنەی لەبوونی سوپای توركیا گرت لەناو خاكی عیراق.
سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عیراق بە خەندانی راگەیاند"لێدوانەكەی ئەمڕۆی سەرۆكی توركیا هیچ پاساوێكی نییەو جێی داخەو نابەرپرسیارانەیە، هاوكات هەڵوێستی هەڵچوی حكومەتی توركیا دەردەخات".
حەدیسی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو قسانەی ئەردۆغان پەیامێكی زۆر نەرێنی بۆ گەلی عیراق دەنێرێتو ئەوە دەردەخات كە توركیا هیچ خواستێكی نییە بۆ چارەسەكردنی ئەو قەیرانەی ئێستاو نایەوێت هاوكاربێت لەچارەسەركردنیداو پەنا بۆ ئاڵۆزتركردنی دەبات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەوتارێكدا كە ئەمڕۆ لەكۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی لەئەستەنبوڵ پێشكەشیكرد رووی دەمی لە عەبادی كرد، وتی"لەئاستو هاوشانی مندا نیت، هەمان پێگەی منت نییە، هاواركردنت لەعیراقدا بەلای ئێمەوە هیچ بایەخێكی نییە، پێویستە بزانیت كە بەردەوام دەبین لەو رێگەیەی گرتومانەتەبەر"وەك رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە.
"سوپای توركیا بەهۆی ئەو كودەتایەوە كە رووبەرووی بوەوە پەشێویەكی تێكەوت بەڵام هێندە لاواز نەبووە تا فەرمان لەعیراقەوە وەربگرێت و ئامادە نییە هێزەكەی لە بنكەی باشیك بكشێنێتەوە، خودی عەبادی لەساڵی 2014 دا داوای ئەنقەرە كردبوو مەشق بە چەكدارانی عیراق بكات لەو ناوچەیە"ئەردۆغان وای وت.
رۆژی 4 ی ئەم مانگە پەرلەمانی عیراق بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری پەرلەمانی توركیای رەتكردەوە سەبارەت بەلەشكركێشیەكانی سوپای ئەو وڵاتەو مانەوەی لەسەر خاكی عیراق و "بوونی هێزەكانی توركیای بەداگیركاری وەسفكرد".
هەڵوێستەكەی پەرلەمانی عیراق دوای چەند رۆژێك هات لە بڕیارەكەی پەرلەمانی توركیا كەمۆڵەتی مانەوەی سوپای ئەو وڵاتەی (بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەناو خاكی عیراق و سوریا) بۆ ماوەی ساڵێكی تر درێژكردەوە.
وتەبێژی حكومەتی عیراق، لەبارەی قسەكانی ئەردۆغانەوە، وتیشی"ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عیراقی كرد لەوتەكەیداو راكێشانی ئەو بابەتە بۆ ئاقارێكی كەسیی لەنێوان خۆیو سەرۆك وەزیرانی عیراق كارێكی بێ بیانووەو رەتیدەكەینەوەو لەكۆتاییدا دەچێتە خانەی تێكەڵكردنی كارتەكانو ئەوەش دووپاتدەكەینەوە كە توركیا هیچ پاساوێكی یاساییو ئەخلاقی نییە سەبارەت بەهەڵوێستەكانی بەرانبەر بەعیراقو دەیەوێت خۆی لەتاوتوێكردنی كێشە بدزێتەوە".
سەعد حەدیسی ئەوەشی خستەڕوو، لەبەرئەوەی پێیانوایە گفتوگۆ لەگەڵ توركیا سودی نییە، هەربۆیە عیراق پەنای بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بردووە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی توركیا لەخاكی وڵاتەكەی، وتی"ئەگەر توركیا بەردەوامبێت لەو رەفتارانەیو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەڵوێستی نەبێت، رەوشەكە بەرەو ئاڵۆزییەكی هەرێمی دەبات كە رەنگە ناسەقامگیریی ناوچەكەی لێبكەوێتەوەو ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو خراپتر ببات".
هەرلەبارەی بوونی هێزەكانی توركیا لەخاكی عیراق، نوعمان كورتولموش جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا رۆژی 5 ی ئەم مانگە رایگەیاند، هیچ كەسێك بۆی نییە دژایەتی بوونی سەربازی توركیا بكات لە عیراقدا كاتێك ئەو وڵاتە خۆی زۆر پارچە پارچە بووە، وتی"ئاشكرایە حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی بارزانی داوای پشتگیری لە هێزەكانی توركیا كردووە، بەتایبەتی بۆ یارمەتیدان لە مەشق پێكردنی هێزە ناوخۆییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ."
لەبەرامبەردا سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی 6ی ئەم مانگە لە لێدوانێكیدا دەربارەی ئەو هێزە توركیانەی لە ناوچەی باشیك جێگیركراون، ئاماژەی بەوەكرد لەچوارچێوەی هاوكاریی سەربازیو مەشق و ڕاهێنانیانی وڵاتان"بە ئاگاداریی و ڕەزامەندیی وەزیری بەرگری و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، دوو بنكەی مەشق و ڕاهێنان لە دووبەردان و باشیك لە نزیك شاری مووسڵ كرانەوە
سەفین دزەیی وتیشی" لەوە زیاتر نە سەرۆكایەتیی هەرێم و نە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری هیچ بەرنامەیەكی دیكە نین".
ساڵی 2015 سوپای توركیا بە سەدان سەربازی بە چەكی قورسەوە لەشارۆچكەی باشیك( 12 كیلۆمەتر لە باكووری رۆژهەڵاتی موسڵ) جێگیركرد، لەئێستاشدا توركیا بەنیازە بەشداریی بكات لە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵ كردنەوەی شاری موسڵ لەژێر دەستی داعش.
Xendan-
