عەللاوی رەتی دەکاتەوە ببێتەوە جێگری فوئاد مەعسوم
ئینتیسار عەللاوی، سەرکردەی حزبی ویفاقی نیشتیمانی بە میدیاکانی راگەیاندووە، کە ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی حزبەکە و کوتلەی ئیئتیلافی نیشتیمانیی عێراقی لە پەرلەمانی عێراق سێ مانگ پێش بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ لەسەر کار لادانی، دەستی لەکار کێشاوەتەوە.
ئینتیسار عەللاوی ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەیاد عەللاوی پێیوابوو پۆستی جێگری سێیەمی سەرۆک کۆمار نایاسایی و نادەستوورییە، بۆیە دەستی لەکار کیشایەوە.
ئەو سەرکردەیەی حزبی ویفاقی نیشتیمانی هەروەها رایگەیاندووە، کە سەرۆکی حزبەکەی بە بڕیاری دادگای باڵای عێراق رازی نییە و ناگەڕێتەوە سەر پۆستی جێگری سێیەمی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق.
لە مانگی ئەیلوولی 2015، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی ”هەڵمەتی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت“، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پۆستی جێگرانی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراقی پەسەند کرد.
رۆژی دووشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2016 دادگای باڵای عێراق بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەکەی رەت کردەوە.
باسنيوز
