موقتەدا سەدر ”هۆکارەکانی بڵاوبوونەوە و گەڕاندنەوەی گەندەڵی“ ئاشکرا دەکات
لە بەیاننامەیەکدا، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایدەگەیەنێت، کە ئەو هۆکارانە برەو بە گەندەڵی دەدەن و بڵاوی دەکەنەوە.
وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، موقتەدا سەدر هەڕەشە لە حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، کە ئەگەر وەزیرە لەسەر کار لادراوەکان بگەڕێندرێنەوە، ئەوا ”ئێمەش بۆتان دەگەڕێینەوە“.
رێبەری رەوتی سەدر گەڕاندنەوەی نوری مالیکی بۆ پۆستی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بە یەکێک لە هۆکارەکانی گەڕانەوەی گەندەڵی دادەنێت.
”هۆکارەکانی بڵاو بوونەوەی گەندەڵی“ بە گوتەی موقتەدا سەدر:
- رەتکردنەوەی لەسەر کار لادانی ئەیاد عەللاوی، ئوسامە نوجەیفی و نوری مالیکی، جێگرانی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆماری عێراق لەلایەن دادگای باڵای ئیتیحادییەوە.
- درەنگخستنی پڕکردنەوەی پۆستی وەزیری وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ. (موقتەدا لە بەیاننامەکەیدا باسی درەنگخستنی پۆستی وەزیری دارایی عێراقی نەکردووە).
- بە بنبەست گەیشتنی دانوستاندنەکانی ”هاوپەیمانیی نیشتیمانی“ی شیعەکان و سووربوونی لەسەر کارە هەڵەکان.
- دەستی دەستی کردن بە کەیسی گەندەڵیی ئەو وەزارەتانەی، گەندەڵەکان تێیدا وەزیرن.
- مانەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و یاسا ستەمکارەکانی.
بۆ دژایەتیکردنی ئەو هۆکارانە، رێبەری رەوتی سەدر بە پێویستی دەزانێ:
- خۆپیشاندانێکی گشتیی ”نە سەدری و نە مەدەنی“ لە بەردەم دادگای (ساعە) دوای مەراسیمەکانی عاشورای شیعەکان، بۆ گەیاندنی دەنگی چاکسازی بە پشتگیریکەرانی گەندەڵی.
- بەردەوامبوون لە خۆپیشاندان دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
- دواخستنی دانوستاندنەکان لەگەڵ ”تەخالوفی نیشتیمانی“، وەک ئاماژەیەک بۆ هاوپەیمانیی نیشتیمانی.
- ئەگەر حکوومەت وەزیری سەربەخۆ بۆ وەزارەتەکان دیاری نەکات، مانگرتنی گشتگیر ئەنجام بدرێت.
- ئەگەر وەزیرە لەسەر کار لادراوەکان بگەڕێندرێنەوە ”هەڵوێستی دیکەمان دەبێ، ئەگەر بێنەوە دێینەوە“.
باسنیوز
