مافی مرۆڤ داوای بەشداریی نەکردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی مووسڵ دەکات
لە نامەیەکدا، کە رێکخراوی جیهانیی مافی مرۆڤ ئاراستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کردووە، داوا دەکات گرەنتیی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و جیاکاری نەکردن لەنێوان هاووڵاتییان لە میانەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ بدرێت.
رێکخراوەکە داوای بەڵێندان لە حکوومەتی عێراق دەکات، بەوەی رێگا بەو هێز و گرووپانە نەدات بەشداریی شەڕەکە بکەن، کە رێز لە بنەماکانی مافی مرۆڤ ناگرن و یاساکانی جەنگ پێشێڵ دەکەن.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
باسنيوز
