وتاربێژەکانی داعش باس لە ئەگەری کوژرانی بەغدادی دەکەن

 وتاربێژەکانی داعش باس لە ئەگەری کوژرانی بەغدادی دەکەن
وتاربێژ و ئەمیرەکانی رێکخراوی توندڕەوی داعش باس لە ئەگەری کوژران و مردنی خەلیفەی رێکخراوەکە دەکات.

بەپێی زانیارییەکان، چەند رۆژێکە بەهۆی ئەگەری کوژران و مردنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش، چەکدارانی داعش تووشی سەرسوڕمان و شڵەژان هاتوون.

نزیکەی دوو هەفتەیە داعش لە مزگەوتەکانی مووسڵەوە لە رێی ئەمیر و وتاربێژەکانییەوە، باس لەوە دەکات، کە لە ئەگەری کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە، کوشتن بە گوللە یاخود مردن بە نەخۆشیی شێرپەنجە چی بکەن باشە.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردووی دەسەڵاتی داعش لە مووسڵ، قسەکردن لەسەر ژیان و مردنی خەلیفەی داعش بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بوو و ئەو کەسەی بەو تۆمەتە دەستگیر کرابا، رووبەڕووی سزای مەرگ دەبووەوە.

دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.










باسنيوز
Top