بەغدا.. 120 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی هۆڵی پەرلەمان تەرخان دەکرێ

 بەغدا.. 120 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی هۆڵی پەرلەمان تەرخان دەکرێ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕی 120 ملیۆن دیناری لە بودجەی پەرلەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی هۆڵی پەرلەمان تەرخان کرد.

دوای هەڵکوتانە سەر پەرلەمانی عێراق لەلایەن لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، پەرلەمان لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد نامیق، ئەمینداری گشتیی پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە تێچووی چاککردنەوەی وێرانکارییەکە پێکهێنا.

ئەو لیژنەیە لە راپۆرتی کۆتایی خۆیدا داوای بڕی سێ ملیار دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەی هۆڵەکە کرد، بەڵام دواتر پەرلەمان ئەیاد نامیقی خانەنشین کرد.

دوای خانەنشینکردنی ئەمینداری گشتیی پێشووی پەرلەمان، سەباح باوی، وەک ئەمینداری نوێ دەستبەکار بوو و دووبارە دەستی بە لێکۆڵینەوە لە زەرەر و زیانەکانی هەڵکوتانە سەرەکە پێکهێنا.

سەباح باوی لە راپۆرتی کۆتایی لیژنەکەیدا رایگەیاند، کە بڕی 120 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی هۆڵی پەرلەمان پێویستە و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش رەزامەندیی لەسەر ئەو برە پارەیە دا.

رۆژی شەممە 30ـی نیسانی 2016، دوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژی سێشەممەی هەفتەی دواتر، لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر هێرشیان کردە سەر پەرلەمانی عێراق و داگیریان کرد و گرتەی ڤیدیۆیی سووکایەتیکردن بە پەرلەمانتارانیان بڵاو کردەوە و پەرلەمانتار و نوێنەرانی کوردیش گەڕانەوە کوردستان.















باسنيوز
Top