عێراق.. مەرجەعێکی شیعە فەتوایەک لە دژی تورکیا دەردەکات

 عێراق.. مەرجەعێکی شیعە فەتوایەک لە دژی تورکیا دەردەکات
مەرجەعێکی شیعەکانی عێراق فەتوایەک لە دژی سوپای تورکیا دەردەکات و داوا دەکات بە چەند رێگایەک دژایەتیی ئەو وڵاتە بکرێ.

بەپێی بەیاننامەیەک، کە رۆژی یەکشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2016 بڵاو کراوەتەوە، قاسم تائی، مەرجەعێکی شیعەکانی عێراق لە نەجەف، فەتوای شەڕکردن لە دژی هێزی تورکیا دەردەکات.

قاسم تائی باسی لەوە کردووە، کە هێزە تورکییەکان داگیرکەرن و پێیوایە شەڕکردن لە دژی ئەو هێزانە ”ئەرکێکی ئایینیی و نیشتیمانی“یە.

ئەو مەرجەعە شیعەیە باسی لەوەش کردووە، کە پێویستە عێراقییەکان بایکۆتی کڕینی کەلوپەلی تورکیا بکەن، بە مەبەستی زیانگەیاندن بە ئابووریی تورکیا.

بەمەبەستی مەشقکردن بە چەکدارانی میلیشیا سوننەکانی پارێزگای نەینەوا بۆ شەڕکردن لە دژیرێکخراوی توندڕەوی داعش، هێزێکی سوپای تورکیا لە ناوچەی باشیک لە سنووری پارێزگای نەینەوا جێگیرکراوە و رۆژی شەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2016ش پەرلەمانی تورکیا وادەی مانەوەی ئەو هێزەی درێژ کردەوە.

دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.











باسنيوز
Top