لادانی زێباری مەترسیی لەسەر پێدانی قەرز بە عێراق دروست کردووە
لادانی هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق، مەترسی لەسەر ئەو بڕە قەرزە دروست کردووە کە لە لایەن سندووقی دراوی نێودەوڵەتییەوە بڕیارە بە عێراق بدرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی ئەمریکی، لادانی هۆشیار زێباری لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق، مەترسییە لەسەر دواکەوتنی ئەو ملیارەها دۆلارەی کە عێراق بۆ پشتیوانیکردنی بودجەی گشتیی خۆی پێویستی پێیەتی.
ئاژانسەکە لەبارەی زێبارییەوە نووسیویەتی: ”بەرپرسێکی دیاری کوردە، زیاتر لە 10 ساڵ لە پۆستی وەزیری دەرەوە و دواتر دارایی عێراقدا بووە“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە ئێستا عێراق بە دەست دابەزینی نرخی نەوتەوە دەناڵێنێت، جگە لەوەی حکوومەتەکەی عەبادیش بە دەست پۆستە وەزارییە بەتاڵەکانی وەک وەزارەتەکانی (ناوخۆ، بەرگری و دارایی)یەوە دەناڵێنێت. بۆیە دەیەوێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو پارەیەی لە دابەزینی نرخی نەوت لە دەستی داوە، قەرز لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بکات.
سندووقەکە لەسەر داواکارییەکەی عێراق ڕازی بووە بەوەی لە ماوەی 3 ساڵدا بڕی 5 ملیار و 34 ملیۆن دۆلار بە عێراق بدات، لە بەرامبەریشدا دەبێت عێراق چاکسازیی ئابووری بکات. جگە لەوەی بەغدا هیوا دەخوازێت بە بڕی زیاتر لە 12 ملیار دۆلار، لە بانکی نێودەوڵەتی و کۆمەڵەی حەوت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە هاوکاری بکرێت.
ئاژانسی (ڕۆیتەرز) جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەبێ هۆشیار زێباری، بەغدا نزیکترین کەس لە وردەکاریی گرێبەستی پێدانی قەرز و هاوکارییەکانی لە دەست دەدات.
لەمبارەیەوە کریستیان جۆش، بەڕێوەبەری نێردەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە عێراق، پێی ڕاگەیاندوون: ”زێباری پاڵەوانی ڕێککەوتنی قەرز بوو، ئەو بزوێنەرێکی گەورەی چاکسازی بوو، بەڵام نازانین کێ جێگەکەی دەگرێتەوە“. ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەو کەسە بەردەوام دەبێت کە جێگەی زێباری دەگرێتەوە.
هەمان سەرچاوە لە زاری دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی لە بەغدا بڵاوی کردووەتەوە، ئایا دوای زێباری، عێراقییەکان دەتوانن بارودۆخیان ڕێک بخەنەوە و بۆ کۆبوونەوەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، خۆیان ڕێک بخەنەوە و دەستکەوتیان هەبێت؟“. جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە گۆڕینی وەزیرەکان، بە تایبەتیش زێباری لە ناوەڕاستی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، زەروور نەبووە.
ئەو دیپلۆماتکارە دووپاتی کردووەتەوە: ”لادانی هۆشیار زێباری، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە شێوەیەکی سرووشتی، چاکسازییە ئابوورییەکان لە عێراق دوابکەوێت، ئەوەش ئاستەنگ لەبەردەم قەرزەکەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دروست دەکات“.
Bas News-
