حەشدی شەعبی بە توندی وەڵامی موقتەدا سەدر دەداتەوە
رۆژی سێشەممە 27ـی ئەیلوولی 2016، ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، بەشداریکردن و نەکردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ بە دەست حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقە.
ئەحمەد ئەسەدی پێیوایە لێدوانەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی بەشداری نەکردنی حەشدی شەعبی لە شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ ”تەنها گوزارشت لە بۆچوونی خۆی دەکات“.
گوتەبێژی حەشدی شەعبی هەروەها رایگەیاندووە، کە میلیشیاکانیان بە بڕیاری حکوومەتی عێراق لە مانگی شوباتی 2016ـەوە بوونەتە دامەزراوەیەکی سەربازیی فەرمیی عێراقی و راستەوخۆ سەر بە حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە.
رۆژی 26ـی ئەیلوول، موقتەدا سەدر دژایەتیی خۆی بۆ بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ راگەیاندووە و گوتویەتی، پێویستە تەنیا سوپا و هێزە ئەمنییە فەرمییەکان بەشداریی ئۆپەراسۆنەکە بکەن.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
باسنيوز
