پەرلەمانی عێراق لێژنەیەکی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران پێک هێنا
فەرهاد قادر، ئەندامی کوردی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ”ئەمڕۆ دووشەممە 26\9\2016، پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا، لێژنەیەک بە سەرۆکایەتیی شێخ هومام حەمودی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێک بهێنێت“.
ئەوەشی ئاشکا کرد کە لێژنەکە بە ئەندامێتیی لێژنەکانی دارایی و نەوتی پەرلەمانی عێراق دەبێت و مەبەست لێی، ئامادەکردنی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەیە لە بارەی دۆخی ناهەمواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و کێشەی نەبوونی مووچە کە دەبێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کارەکەیان ئەنجام بدەن.
پێشتر حاکم سەرحان سێڵڤانەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ئەو هەوڵەی پەرلەمانی عێراق هیچ ئەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە. ئەوەشی ڕوون کردبووەوە: ”لە باشترین حاڵەتدا پەرلەمانی عێراق دەتوانێت چەند بڕیارێک لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەربکات، بەڵام پێشتر پەرلەمان هەردوو یاسای بودجەی 2015 و 2016ی دەرکردبوو، کەچی حکوومەتی عێراق کاری پێ نەکرد و 17%ی بودجەی کوردستانی نەنارد“.
باسنیوز
