برێت مەکگۆرک : دووبارەبوونەوەی توندوتیژی تایەفەگەری لە موسڵ قبوڵناکەین
برێت مەکگۆرک لە میانی کۆڕبەندی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ڕایگەیاند " هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەبەر بۆ ئەوەی توندوتیژیەکانی هاوشێوەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی قەزای فەلوجە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو دوبارەنەبێتەوە کە هێزە شیعەکان توندوتیژی و ئەشکەنجەی هاوڵاتیانی مەدەنی سونە مەزهەبیاندابوو".
مەکگۆرک وتیشی " چۆنیەتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو هاوڵاتیە مەدەنیانەی لە موسڵ هەلدێن زۆر گرنگە و پێویستە هاوڵاتیانی ئاسایی هاوکاری بکرێن و ڕوبەڕووی توندوتیژی نەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد " پێویستە پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ هاوڵاتیە هەڵاتووەکانی موسڵ بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ ئەنجامبدرێت و لە ژێر چاودێری ناوەندی لێکۆڵینەوەی لایەنی سێهەمدا دەبێت".
مەکگۆرک وتیشی " ئەمەریکا کار بۆ ئەوەدەکات بەشی زۆری ئەو هێزە ئەمنیانەی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵدا بەشداردەبن ئەو هێزانەبن کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و لە پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکەش ڕۆڵی ئەو هێزە جیاوازانە دیاریدەکرێت".
هەروەها وتیشی " دەبێت خراپترین ئەگەر لێکبدەینەوە چونکە نازانرێت داعش لە موسڵ چیدەکات".
هاوکات لیز گراند ڕێکخەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە عێراق لە هەمان کۆبوونەوەدا وتی "بەرپرسانی عێراقی دڵنیایان کردووینەتەوە لێکۆڵینەوەی هاوڵاتیانی موسڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ئەنجامدەدرێت نەک هێزە شیعەکان ، هەروەها خێزانەکانی موسڵ دەگوازرێنەوە بۆ کەمپی باری لەناکا و یان بینا حکومیەکان".
گراند وتیشی " هێزە ئەمنیەکانی عێراق بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتە بەر و لە پێش ئۆپراسیۆنەکە هاوڵاتیان ئاگاداردەکاتەوە و ڕێگای هەڵاتنیان بۆ دیاریدەکات و کارتی سەلامەتیان بۆ دابیندەکات" .
بە گوێرەی خەمڵاندنێکی نەتەوەیەکگرتووەکان یەک ملیۆن هاوڵاتی یان زیاتر لە شاری موسڵ ئاوارەدەبن.
هاوکات ستیفن ئۆبرایەن جێگری سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی داوای لە وڵاتانکرد هاوکاریەکانیان پێش کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ خێرابکەن ، وتیشی " وڵاتانی هاوپەیمان لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا ٢٨٤ ملیۆن دۆلاریان بۆ هاوکاری مرۆیی عێراق دابینکردووە و تا ئێستا لە سەدا ٤٨ ی ئەو پارەیە بە وڵاتەکە گەیشتووە کە دەکاتە ١٣٦ ملیۆن دۆلار"
خەندان
