سەرکردەیەکی شیعە: تاران هەوڵی گەڕاندنەوەی مالیکی دەدات چونكە مالیكی خاوەنی دەیان میلیشیای چەکدارییە

 سەرکردەیەکی شیعە: تاران هەوڵی گەڕاندنەوەی مالیکی دەدات  چونكە مالیكی خاوەنی دەیان میلیشیای چەکدارییە
سەرکردەیەکی شیعەی عێراقی رایدەگەیەنێت، کە حکوومەتی ئێران هەوڵی گەڕاندنەوەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەدات.



رۆژی چوارشەممە 21ـی ئەیلوولی 2016، رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە زاری سەرکردەیەکی شیعەی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، کە سەرۆکایەتیکردنی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی شیعەکان بە خولی ساڵانە دەبێت و خولی دووەم، کە هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بۆ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەبێت.



ئەو سەرکردەیە هەروەها رایگەیاندووە، کە نوری مالیکی پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانییەکە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و کۆ کردنەوەی دەنگ بەکار دەهێنێت و ئێرانیش بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی دەکات، چونکە بە گوتەی ئەو، لە کاتی گەمارۆی سەر ئێران، عێراقی کردووە دەروازەیەک بۆ ئەو وڵاتە.



هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، مالیکی، سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی و ”خاوەنی دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداری لە ناو حەشدی شەعبی“، بە هاوکاریی ئێران هەوڵ دەدات حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا لەسەر کار لابدات.



نوری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراقییە (شیعە)، لە ساڵی 2006ـەوە تاوەکو 2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو. بەردەوام هەڵوێستەکانی دژی گەلی کورد و پێکهاتەی عەرەبی سوننەی عێراق بووە. لە ساڵی 2013ـەوە بودجەی کوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بڕی و ناردنی پێویستییە سەربازییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە(وەک بەشێک لە هێزی بەرگریی عێراق)، راگرت.









باسنیوز
Top