عەبادی فەرمانی پشکنینی ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتاران دەردەکات

 عەبادی فەرمانی پشکنینی ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتاران دەردەکات
سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی ئەنجام دانی پشکنین بۆ هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانە دەردەکات، کە دەچنە نێو ناوچەی سەوزی بەغدا، بە ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتارانیشەوە.



لە نووسراوێکدا، کە رۆژی سێشەممە 21ـی ئەیلوولی 2016 میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردووەتەوە و ئاراستەی پەرلەمانی عێراق کراوە، فەریق روکن محەمەد حەمید کازم، سکرتێری تایبەتیی حەیدەر عەبادی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە ئەو بڕیارەی ”بۆ بەرژەوەندیی گشتی“ دەرکردووە.



لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە پێویستە هێزە ئەمنییەکان لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز (ئەو ناوچەیەی زۆربەی بارگا گرنگەکانی حکوومەتی عێراقی و کونسوڵخانەکانی لێیە و لەوێوە حوکمڕانیی عێراق دەکرێت)، ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتارانی عێراق و هەموو بەرپرسان ”بەبێ جیاوازی“ بپشکنن.



هەروەک لە نووسراوەکەدـ هاتووە، ئەو بڕیارە لە رۆژی 1ـی ئەیلوولی 2016ـەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.











باسنیوز
Top