عێراق داوای 13 ملیار دۆلار قەرز لە بەریتانیا دەکات

 عێراق داوای 13 ملیار دۆلار قەرز لە بەریتانیا دەکات
حکوومەتی عێراق داوای قەرزێکی 13 ملیار دۆلاری لە بەریتانیا دەکات و دەست بە گفتوگۆکان دەکات.

بەپێی بەیننامەیەک، کە رۆژی سێشەممە 20ـی ئەیلوولی 2016 بڵاو کراوەتەوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاندووە، سەلمان عەلی جومەیلی، وەزیری پلاندانان لەگەڵ نێردەی تێرێزا مەی، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆ بووەتەوە.

سەلمان عەلی جومەیلی و نێردەی تێرێزا مەی گفتوگۆیان لەبارەی پێدانی 10 ملیار پاوەندی بەریتانی (12.964 ملیار دۆلار) وەک قەرز بە حکوومەتی عێراق لەلایەن حکوومەتی بەریتانیا کردووە.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بڕیاردراوە لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆکان بە فەرمی لە نێوان هەردوو حکوومەت لەبارەی قەرزەکەوە ئەنجام بدرێن.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە قەرزەکە بۆ دابینکردنی پارەی پێویستە بۆ چوار هەزار پرۆژەی وەبەرهێنانی تایبەتی ناوخۆیی و بیانی.

بەهۆی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش و دابەزینی نرخی نەوتی جیهانی، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی عێراقە، ئەو وڵاتە تووشی قەیرانی دارایی بووە.











باسنيوز
Top