مزووری: مالیکی دەبێ لەسەر کەوتنی مووسڵ دادگایی بکرێ

 مزووری: مالیکی دەبێ لەسەر کەوتنی مووسڵ دادگایی بکرێ
پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێ، لێدوانەکانی (نووری مالیکی) پێوەست بە گرتنەوەی مووسڵ هیچ گرینگی و بایەخێکی نییە، چونکە دەبێ مالیکی خۆی لەسەر کەوتنی مووسڵدا دادگایی بکرێ.

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان (بەنگین مزووری) راگەیاند" ناکرێ مووسڵ بەشێوەی رابردوو ئیدارە بدرێ، پێویستە رێککەوتنی سیاسی لەبارەوە بکرێ، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە خوێنی زۆری بەخشیە بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچانە و بەھیچ جۆرێک دەستبەرداری ئەوناوچانە نابێت، بۆیە ناکرێت بەبێ رێککەوتن مووسڵ رزگاربکرێت و ئیدارەکردنیشی وەک پێشوو بێ.

(بەنگین مزووری) گوتیشی، لێدوانەکانی (نووری مالیکی) لەبارەی ئەوەی کە مووسڵ پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی نییە ھیچ بەهاو گرینگیەکی نییە، چونکە ئەو ئێستا تەنھا سەرۆکی حیزبێکە و ھیچ پۆستێکی حکوومی نییە.

(مزووری)ڕوونیشی کردەوە، ھۆکاری سەرەکی کەوتنی مووسڵ (نووری مالیکی)یە، بۆیە لە لێکۆڵینەوەکانیشدا تۆمەتباری سەرەکییە و ئەگەر ئەمڕۆیش دادگای نەکرێ رۆژێک دادێت پێویستە لەسەر رادەستکردنی مووسڵ دادگای بکرێت.

PDK.info
Top