سعودیە لە بەرهەمهێنانی نەوت پێش ئەمریکا کەوتەوە

سعودیە لە بەرهەمهێنانی نەوت پێش ئەمریکا کەوتەوە
بەپێی نوێترین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، سعودیە ئێستا گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە و پێش ئەمریکا کەوتەوە لە بەرهەمهێنانی نەوت.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە نوێترین داتاکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی نەوتی بڵاوکردەوە، بەپێی داتاکان سعودیە لە مانگی تەمووز بەدواوە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێنانی زیادکردووە و، لەبەرامبەریشدا بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا پاشەکشەی کردووە.

بەپێی داتاکان، ئەمریکا لە مانگی ئابدا رۆژانە 12.2 ملیۆن بەرمیل نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی بەرهەمهێناوە، بەڵام سعودیە 12.58 ملیۆن بەرمیلی بەرهەمهێناوە.

ئەمریکا لە دوای ساڵی 2014ـەوە کە پەرەی بە بەرهەمهێنانی نەوتی لیتەیی دا توانی ببێتە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهان، ئەو کاتە پێش سعودیە کەوت.

هاوکات بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و سستبوونی چالاکی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە رووی لە دابەزین کرد، پێشبینیش دەکرێت ئەو دابەزینە درێژەی هەبێت، بەو هۆیەشەوە سعودیە توانی ببێتەوە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهان.
رووداو -
Top