مووسڵ.. تەقینەوەیەکی گەورە لە سەربازگەیەکی داعش رووی دا

 مووسڵ.. تەقینەوەیەکی گەورە لە سەربازگەیەکی داعش رووی دا
تەقینەوەیەکی گەورە لە سەربازگەیەکی رێکخراوی توندڕەوی داعش لە شاری مووسڵ رووی دا و بووە هۆی کوژرانی چەندین چەکداری رێکخراوەکە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکانی مووسڵ، رۆژی شەممە 10ـی ئەیلوولی 2016 ژمارەیەک چەکداری داعش هەوڵیان داوە چەک و تەقەمەنی لە سەربازگەی غەزلانی، کە پێشتر سەربازگەی سوپای عێراق بووە، بگوازنەوە بەرەکانی شەڕی رێکخراوەکە.

هەروەک ئەو سەرچاوە ئەمنییانەی مووسڵ رایانگەیاندووە، لە کاتی گواستنەوەی تەقەمەنییەکان، تەقینەوەیەکی گەورە لە کۆگای چەک و تەقەمەنیی سەربازگەکە رووی داوە و بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 10 چەکداری داعش و برینداربوونی ژمارەیەک چەکداری دیکە.

دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەکدارانی داعش زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان لە عێراق داگیر کرد.




باسنيوز
Top