بە توندی وەڵامی نووری مالیکی دەدرێتەوە
غەزوان داودی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ڕايگەیاند: "لە دەستووری عێراق بە ڕوونی ئاماژە بە یاسای پارێزگاکان و بابەتی فیدراڵیەتی عێراق کراوە کە مافێکی دەستووری و یاسایی ھەموو پارێزگایەکە، لە کاتێکدا ئەگەر ئەم ھاوکێشەیە وەک خۆی بخوێنینەوە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پێش ھاتنی داعش کە ڕێگایان نەدا خەڵکی مووسڵ چارەنووسی خۆی دیاری بکات".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئێمە وەک پێھاتەکانی شاری مووسڵ، مافی خۆمانە لە چوارچێوەی پارێزگا یان ھەرێم یان ھەر بابەتێکی دیکە، چارەنووسی خۆمان دیاری بکەین و ناگەڕێینەوە بۆ چوارچێوەی یەکەم، چونکە بە ھۆی قۆرخکاری لە دەسەڵاتەکان لە لایەن مالیکییەوە، ئەم کارەساتە بەسەر عێراق ھات و داعش شاری مووسڵی داگیر کرد".
غەزوان داودی گوتی: "داڕووخانی سەدان ھەزار کەس لە سوپای عێراق، دوو لیوا و دەیان فیرقەی سەربازی لە عێراق و شاری مووسڵ، ھۆکاری چی بوو؟ بێ گومان وەڵامەکەی ڕوونە کە بەھۆی قۆرخکاری لە دەسەڵات بوو کە نووری مالیکی کردبووی، بۆیە عێراق وای بەسەر ھات، ئێستاش بۆی نییە دەست وەرداتە مافێکی یاسایی و دەستووریی خەڵکی عێراق، کە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن".
پێشتر سالم شەبەک، نوێنەری پێکهاتەی شەبەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕايگەیاندبوو، پڕۆژەیەکیان بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوە، بۆ ئەوەی دەشتی نەینەوا و شنگال بکرێنە دوو پارێزگای جیاواز لە پارێزگای نەینەوا و بارزانیش پشتیوانی لە پڕۆژەکەی کردووە.
باسنیوز
