کوێت تێچووی نەشتەرگەریی ئاوارەکانی مووسڵ لە هەولێر دەگرێتە ئەستۆ

 کوێت تێچووی نەشتەرگەریی ئاوارەکانی مووسڵ لە هەولێر دەگرێتە ئەستۆ
کۆمەڵەی مانگی سووری کوێتی رایدەگەیەنێت، کە بە هاوکاریی دەزگایەکی خـێرخوازیی کوردستان، نەشتەرگەریی بۆ ژمارەیەک ئاوارەی شاری مووسڵ لە هەرێمی کوردستان، دەکات.

رۆژی سیشەممە 6ـی ئەیلوولی 2016، عەبدولڕەحمان محەمەد عەون، سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری کوێتی و سەرۆکی نێردەی کۆمەڵەکە لە هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی (کۆنا)ی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە نەشتەرگەرییەکان بە سەرپەرشتیی کونسوڵخانەی گشتیی کوێت لە شاری هەولێر و لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلیی شاری هەولێر ئەنجام دەدرێن.

هەروەک عەبدولڕەحمان محەمەد عەون رایگەیاندووە، کە کۆمەڵەکەی بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی رۆناهی (رێکخراوێکی خێرخوازیی کوردستانییە) بڕیاری داوە تێچووی نەشتەرگەریی بۆ 18 کەسی ئاوارەی خەڵکی مووسڵ لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، بگرێتە ئەستۆ.

سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری کوێتی وێڕای سوپاس کردنی دەزگای رۆناهی بۆ هاوکارییەکانی، بەڵێنی داوە کە کۆمەڵەکەی بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بۆ ئاوارەکان، بە تایبەت نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و دروستکردنی دەست و پێی دەستکرد.

بەهۆی شەڕی تائیفی نێوان پێکهاتەی سوننە و شیعە و داگیرکاریی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە لە عێراق و شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، نزیکەی 1.8 ملیۆن ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.

چەکدارانی داعش لە مانگی حوزەیرانی 2014، دوای هەرەس پێهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، شاری مووسڵ و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.









باسنيوز
Top