فوئاد مەعسوم : ئامانج لە تەقینەوەکەی کەڕادە ”فیتنەی تائیفی دروست بکرێ و یەکێتیی گەلی عێراقی تێک بدرێت

فوئاد مەعسوم : ئامانج لە تەقینەوەکەی کەڕادە  ”فیتنەی تائیفی دروست بکرێ و یەکێتیی گەلی عێراقی تێک بدرێت
سەرۆک کۆماری عێراق راگەیەندراوێک ” بەم و پەژارە“وە بڵاو دەکاتەوە و داوایەک ئاراستەی هێزە ئەمنییەکان دەکات.



لە راگەیەندراوێکدا، کە رۆژی سێشەممە 6ـی ئەیلوولی 2016 لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاو کراوەتەوە، فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆمار رایدەگەیەنێت، کە ئامانج لە تەقینەوەکەی کەڕادە داخل ئەوەیە، کە ”فیتنەی تائیفی دروست بکرێ و یەکێتیی گەلی عێراقی تێک بدرێت“.



فوئاد مەعسوم وێڕای نیشاندانی ”خەم و پەژارە“ی خۆی، داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات هەموو رێکارێک بگرنەبەر بۆ دەستگیر کردنی ”تاوانبارەکان تاوەکو سزای دادگەریی خۆیان وەربگرن“.



سەرۆک کۆماری عێراق پێیوایە ئەو تەقینەوانە، کە رێکخراوی توندڕەوی داعش ئەنجامیان دەدات، گەلی عێراق لەسەر لەناوبردنی داعش مکوڕتر دەکات.



شەوی دووشەممە 5ـی ئەیلوولی 2016، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبرێژکراو لەناو گردبوونەوەیەکی هاووڵاتییانی شیعەمەزهەب لە گەڕەکی کەڕادە لە بەغدا رووی دا و بووە هۆی کوژرانی حەوت کەس و بریندار بوونی 14 کەسی دیکە.



دوای تەقینەوەکە، داعش بەیاننامەیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە و تێیدا بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.
Top