خەڵكی مووسڵ ددانی ژنە گازگرەكەی داعشیان تێك شكاند

 خەڵكی مووسڵ ددانی ژنە گازگرەكەی داعشیان تێك شكاند
چەند كەسێكی خەڵكی مووسڵ ھێرشیان كردە سەر ژنە گازگرەكەی داعش و ھەموو ددانەكانیان لە دەمیدا شكاند، ئەو ژنە بە شەقامەكانی مووسڵدا دەگەڕا و ھەر ژنێك بە تەواوی پابەندی یاساكانی داعش نەبوایە، گازی لێ دەگرت.

بەپێی زانیارییەكانی (سومەریە نیوز)، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە (1/9/2016)، بڵاوی كردووەتەوە، شەوی ڕابردوو چەند كەسێكی نەناسراو لە گەڕەكی حی تەمووزی شاری مووسڵ، ھێرشیان كردووەتە سەر (ئوم حەنان)، كە بە ژنە گازگرەكەی داعش ناسراوە و ھەموو ددانەكانیان تێك شكاندووە.

سەرچاوەیەك لە مووسڵ بە سومەریە نیوزی ڕاگەیاندووە، ئوم حەنان ڕۆژانە بە شەقامەكانی مووسڵدا دەگەڕاو، چاودێری ژنانی دەكرد و ھەر ژنێك پابەندی یاساكانی داعش نەبوایە، گازی لێ دەگرت.

ئەو سەرچاوەیە گوتوویەتی: "شكاندنی ددانی ئەو ئوم حەنان و نەكوشتنی پەیامێكی ڕوون و ئاشكرایە بۆ داعش كە چارەنووسی ئەو ڕێكخراوە توندڕەوە تێك شكان و نەمانە".

داعش یەكەیەكی تایبەتی لە ژنان دەستنیشان كردووە بۆ ئەوەی بە شەقام و كۆڵانەكانی مووسڵدا بسووڕێنەوە و ئەو ژنانە سزا بدەن كە سەرپێچی یاساكانی داعش دەكەن.





باسنيوز
Top