عەشیرەتە سوننییەکانی عێراق: زماندرێژیی بۆ سەر سعودیە قبوڵ ناکەین
لە بەیاننامەیەکدا، کە رۆژی چوارشەممە 31ـی ئابی 2016 بڵاو کراوەتەوە، هاوپەیمانیی عەشیرەتە عێراقییەکان لە نەینەوا و ئەنبار رایدەگەیەنن، کە لێدوانی ئەوس خەفاجیی ”توندڕەو“، کە سەرکردایەتیی میلیشیایەکی حەشدی شەعبی دەکات، سەبارەت بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سامر سەبهان، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق ”جێبەجێکردنی ئەجێندای تاوانکاریی دەرەکییە“.
هاوپەیمانیی عەشیرەتە عێراقییەکان لە نەینەوا و ئەنبار، کە عەشیرەتی سوننەمەزهەبن، ئاماژەی بەوە دەکەن، رێهگا نادەن ”زماندرێژی“ بکرێتە سەر هیچ وڵاتێکی ”برای عەرەبی“، بەتایبەت سعودیە.
ئەو عەشیرەتە سوننییانە پێیان وایە، ئەو لێدوانانە ”زیان لە ناوبانگی عێراق دەدەن“ و بەشێکن لە پلانەکانی ئێران.
رۆژی یەکشەممە 28ـی ئابی 2016، ئەحمەد جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کە عێراق بە فەرمیی داوای لە سعودیە کردووە کەسێکی دیکە لە شوێنی سامر سەبهانی باڵیۆزی خۆی لە عێراق، دابنێت و ئەو لابدات.
پێشتر رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردەوە، کە میلیشیا شیعەکان بە نیازن بە ئۆتۆمبێلی وەزارەتی ناوخۆ و بە تابلۆی دروستکراو، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی باڵیۆزی سعودیە لەنێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و شارەکە بە مووشەکی RPG بکەنە ئامانج و دواتر هەڵبێن بۆ ناوچە سوننەنشینەکان، تاوەکو دواتر لەو ناوچەیە و بە تۆمەتی کوشتنی باڵیۆزەکە، هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب دەستگیر بکەن.
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی زۆربەی شارەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنبار لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعشەوە، عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق فەتوای دروستکردنی میلیشیای حەشدی نیشتیمانی دا، تاوەکو شوێنی سوپای عێراق بگرێتەوە.
چەندین جار هاووڵاتی و سەرکردە سیاسییەکانی پارێزگای نەینەوا بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیان لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسـڵ رەتکردووەتەوە و پاساویان بۆ ئەو رەتکردنەوەیەش ئەوەیە، کە ئەو چەکدارە شیعانە خەڵکی سوننە بەبێ هۆ دەکوژن.
پێشتر لە کاتی رزگارکردنەوەی شارۆچکەی فەللوجەی پارێزگای ئەنبار، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بووەوە، کە تێیدا چەکدارە شیعەکان هاووڵاتییانی سوننەمەزهەب ئازار دەدەن و بە زیندوویی دەیانسووتێنن و سەریان دەبڕن.
باسنیوز
