دانیشتوانی مووسڵ بەشداریی حەشدی شەعبی لە ئازادکردنی شارەکەیان ڕەت دەكەنەوە

 دانیشتوانی مووسڵ بەشداریی حەشدی شەعبی لە ئازادکردنی شارەکەیان ڕەت دەكەنەوە
ماڵپەڕێكی عەرەبی، ڕاپرسییەكی لەبارەی ڕای خەڵكی مووسڵ لەسەر ئازادكردنەوەی شارەكەیان لە دەستی داعش ئەنجام داوە، دەركەوتووە زۆربەی بەشداربوانی ڕاپرسییەكە، دژی ئەوەن حەشدی شەعبی بەشداری ئەو پڕۆسەیە بێت.

ماڵپەڕی عەرەبی جەدید، بە هاوكاری ژمارەیەك مامۆستای زانكۆی مووسڵ و چالاكوان، ڕاپرسییەكی ئەنجام داوە، كە 611 هاووڵاتی بەشدارییان كردووە، لەوانە 217 كەسیان ئێستا لەناو شاری مووسڵدا دەژین و ئەوانی دیكە دابەش بوون بەسەر ئەو شەش كەمپەی لە هەرێمی كوردستان و بەغدان.

بە گوێرەی ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە، كە گشت چین و توێژە جیاوازەكانی دانیشتووی شاری مووسڵی لەخۆ گرتووە، %95یان خوازیاری ڕزگاربوونن لەدەستی داعش و گەڕانەوەی شارەكەیان بۆ بارودۆخی ئاسایی، تەنیا %2 لەو كەسانەی (كە ئێستا لەناو مووسڵ دەژین) ئەو بارودۆخەی ئێستایان پێ باشە لەژێر دەستی داعش و تەنیا تۆپباران و مووشەكباران بێزاری كردوون، هۆكارەكەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە ئەوكات شارەكە لەژێر دەسەڵاتی هێزی حكوومەتدا بوو، بەهۆی جیاكاریی تائیفی سووكایەتی پێكردن هەبوو، لە %3 ڕەزامەند نەبوون وەڵامی پرسیارەكە بدەنەوە.

سەبارەت بە پرسیاری بەشداریكردنی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە ئازادكردنەوەی شارەكەیان، ڕێژەی %92 بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە و هۆكاركەشی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە كە بوونی حەشدی شەعبی واتە بوونی ئێران و دەبێتە ‌هۆی تاڵانی و سووتاندنی شارەكە، هەروەك ئەوەی لە فەللوجە، تكریت، جەرف ئەلسەخر و بێجی و شارەكانی دیكە ڕووی دا.

هاوكات %7ی لە بەشداربوان پشتیوانی بەشداریكردنی حەشدی شەعبی دەكەن لە شەڕەكەدا، بەڵام بەبێ چوونیان بۆ ناو مووسڵ، هەروەها %70ی دانیشتووانی شاری مووسڵ ئاوارەبوونیان بەرەو هەرێمی كوردستان پێ باشترە لە ڕۆیشتن بۆ بەغدا، یان شارەكانی دیكەی باشووری عێراق، لە كاتێكدا تەنیا %12 ویستی مانەوەیان لەناو ماڵەكانی خۆیان هەیە، هەروەها %9ی بەشداربوان پییان باشە بڕۆن بەرەو بەغدا بەهۆی ئەوەی خزم و كەسوكاریان لەوێیە.

هەر لەو ڕاپرسییەدا دانیشتوانی مووسڵ، لە كۆی 217 هاووڵاتی 203 كەسیان پێیان باشترە ئەو هێزانەی دەچنە ناو مووسڵ بۆ ئازادكردنەوەی لە هێزەكانی عەشایری ناوچەكە، خەڵكی خۆبەخشی چەكداری شارەكە لەگەڵ پۆلیسی ناوخۆ و هێزەكانی پێشمەرگە، پێكهاتبێت، نەوەك هێزەكانی سەربازی عێراقی و پۆلیسی ئیتحادی كە لە بەغداەوە دێن. لەو ڕاپرسییە، لە كۆی بەشداربووان، سێیەكیان ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا دەژین.










Top