موتەحیدون داوا لە عەبادی دەکات عوبەیدی بگەڕێنێتەوە سەر پۆستەکەی
خالید مەفەرجی، گوتەبێژی ئیئتیلافی موتەحیدوون بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند "لەگەڵ عەبادی گفتوگۆ دەکەین تاوەکو خالید عوبەیدی بە وەکالەت وەزارەتی بەرگری بەڕێوەببات و عەبادیش خواستی مانەوەی عوبەیدی هەیە، تاوەکو دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ، چونکە پرۆسە کۆنترۆڵکردنەوە موسڵ زۆر هەستار و گرنگە".
گوتەبێژی ئیئتیلافی موتەحیدون دەشڵێت "لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ حەیدەر عەبادی، لەسەر پێدانی وەزارەتەکە بە وەکالەت بە عوبەیدی قسە دەکەین و گەشبین، کە عەبادی داواکەیان پەسەند دەکات".
خالید مەفەرجی، کە هاوکات ئەندامی پەرلەمانی عێراقە، روونیکردەوە، سێ بژاردە هەن لەو پرۆسەیەدا:
یەکەم: چاوەڕوانی تانەی وەزیری بەرگری بکرێت لە دادگادا لەبارەی پرۆسەی لێپرسینەوەکە، کە رەنگە لەماوەی سێ رۆژی دیکە وەڵامەکەی بدرێتەوە.
دووەم: چاوەڕێی ئەنجامی تانەکەی ئیئتیلافی موتەحیدوون و وەزیری بەرگری بکرێت لەبارەی پرۆسەی دەنگدان و وەرگرتنەوە متمانە لە وەزیری بەرگری، چونکە پرۆسە بەشێوەیەکی نائاسایی بەڕێوەچووە.
سێیەم: راسپاردنی خالید عوبەیدییە بە وەکالەت کاروبارەکانی وەزارەتی بەرگری بەڕێوەببات، تاوەکو کەسێکی دیکە گونجا بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان دەکرێت.
rudaw -
