وەزیرێکی ئیسرائیلی بە ڕەگەز عێراقی کۆچی دواییکرد

وەزیرێکی ئیسرائیلی بە ڕەگەز عێراقی کۆچی دواییکرد
بنیامین بن ئەلیعازەر وەزیری بەرگری پێشوی ئیسرائیل ئەمڕۆ لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچی دواییکرد.

سەنتەری سوراسکی تەندروستی لە تەلئەبیب هەواڵی کۆچی دوایی وەزیری بەرگری پێشوی ئیسرائیل و ئەندامی کنێستی ئەو وڵاتەی پشتڕاستکردەوە.

بنیامین بن ئەلیعازەر ناوی (فوئاد بن ئەلیعازەر)ە و لە ساڵی ١٩٣٦ لە عێراق لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩٥٠ چووەتە ئیسرائیل.

بن ئەلیعازەر لە سەردەمی ڕاپەڕینی دووەمی فەلەستینییەکان وەزیری بەرگری وڵاتەکەی بووە لە کابینەی ئارییەل شارۆن سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئیسرائیل، لەو کاتەدا سەرۆکی پارتی کاری ئیسرائیلیش بووە.

ئەلعازەر زمانی عەرەبی بە پاشی زانیوە و ساڵی ڕابردوو تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی سەروەت و سامانی وڵاتەکەی درایە پاڵ.

بنیامین بن ئەلیعازەر لە ساڵی ١٩٣٦ لە شاری بەسرەی باشوری عێراق لە دایک بووە، لە جەنگی ساڵی ١٩٦٧دا فەرماندەی یەکەی سەربازی (شەکید)ی ئیسرائیلی بووە.

جگە لە پۆستی وەزیری بەرگری ، لە تەمەنی سیاسی خۆیدا، وەزارەتەکانی پەیوەندی و ژێرخانی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانی وڵاتەکەی وەرگرتووە.
NRT -
Top