موتەحیدون هەڵوێستی خۆی لەبارەی لەسەرکار لادانی زێباری ئاشکرا دەکات
رۆژی یەکشەممە 28ـی ئابی 2016، خالید مەفرجی، سەرکردە لە ئیئتیلافی موتەحیدون، کە ئوسامە نوجەیفی، جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق سەرۆکایەتیی دەکات بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە ئیئتیلافەکەیان دژی داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراقە بۆ گۆڕینی سامر سەبهان، باڵیۆزی سعودیە لە عێراق.
خالید مەفرجی، کە ئیئتیلافەکەی نوێنەرایەتیی زۆرینەی پێکهاتەی سوننەی عێراق دەکات هەروەها رایگەیاندووە، کەئەندامانی ئیئتیلافەکەیان لە پەرلەمان دەنگ بە لەسەرکار لادانی هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق نادەن، چونکە ”بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا بوونی زێباری پێویستە“.
لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، پەرلەمانی عێراق میوانداریی هۆشیار زێباری کرد بۆ لێپرسینەوە و ژمارەیەک پەرلەمانتار هەوڵیان دا دەنگ بۆ لەسەرکار لادانی لە پۆستەکەیدا کۆ بکەنەوە.
رۆژی یەکشەممە 28می ئاب، ئەحمەد جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە وەزارەتەکەی بە شێوەیەکی فەرمی داوای لە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە کردووە، باڵیۆزی وڵاتەکەیان لە عێراق بگۆڕن.
باسنيوز
