داعش منداڵان چەکدار دەکات و لەدژی پێشمەرگە بەکاریان دەهێنێت
ئەمڕۆ شەممە 27\8\2016، غەیاس سورچی، کارگێڕی مەڵبەندی مووسڵی یەکێتی، ڕایگەیاند: “بەشێکی زۆری سەرکردەکانی داعش یان ڕایان کردووە، یان بە کوشتن دراون، چونکە تۆمەتی ڕاکردن لەبەرەکانی جەنگیان بەسەردا سەپێنراوە، بەتایبەتی بەجێهێشتنی بەرەکانی جەنگ لە مەخموور و بنکەی گەیارە و فەلووجە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە داعش هەوڵ دەدات خۆی ڕێک بخاتەوە، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نابێت. گوتیشی: “خێزانی بەشێکی زۆری چەکدارانی داعش بۆ ڕەقە گوازراونەتەوە، بەشێکی زۆری منداڵە مەشقپێکراوەکانی ناو داعش بۆ شەڕەکانی پێشمەرگە بەکار دەهێنرێن، کە بەشێکیان لە خوار تەمەن 18 ساڵین، بەڵگەش لەسەر ئەوە لە هێرشەکانی داعش لە میحوەری گوێڕ و مەخموور، بەشێکی زۆری ئەوانەی لەناو داعش کوژراون، کەسانی منداڵ بوون".
غەیاس سورچی ئەوەشی ئاشکرا کرد: “داعش منداڵەکانی کردووە بە دوو بەشەوە، بەشێکیان بۆ تەقاندنەوە بەکار دەهێنێت و بەشێکی دیکەش وەک چەکدار لە بەرەکانی جەنگ بەکاریان دەهێنن".
باسنیوز
